هەواڵ- کوردستان

ئەو گەنجەى ٢٥ ساڵە دەستى باوکە نابیناکەى بەرنەداوە..

18/11/2023

205 جار خوێندراوەتەوە


ئەو گەنجەى ٢٥ ساڵە دەستى باوکە نابیناکەى بەرنەداوە..
ئەو ٢٥ ساڵە بووە بە گۆچان و رۆژێک لە باوکى دانەبڕاوە..
رۆژێک لەگەڵ هەژارانە و رۆژێک لەگەڵ کەمئەندامان..
رۆژێک هاوکارى بۆ ئاوارەکان کۆدەکاتەوە و رۆژێک دەستى نابینایان دەگرێت..
لەلایەک پێشمەرگەیە و خەمى نیشتمانییەتى و لەلایەکیش لەناو خوێندکاران و خەمى خویندکاران لەکۆڵ دەنێ..
توانا مەحمود ئەو گەنجەى هەمووان بە شوانە دڕەیی دەیناسن..
شوانە تەمەنى ٣٢ ساڵە، بەڵام ٢٥ ساڵى تەواوە دەستى باوکە نابیناکەى دەگرێت و بۆ هەموو شوێنێک لەگەڵیەتى و هیچ رۆژێک نییە تێپەڕێ و ئەوان بەیەکەوە نەبن..
شوانە ھێشتا تەمەنی ٧ ساڵی تەواونەكردوە، ھەڵماتەكانی گیرفانی فڕێ دەدات و واز لە كۆڵان و یارییەكانی منداڵی دەھێنێت.
ئەو ھەست بەوە دەكات ئەركێكی لەسەر شانە و دەبێت واز لەمنداڵی خۆی بھێنێت و ئیتر گەورە بێت، ھەست بەوە دەكات باوكی نابینایە و بەرپرسیاریەتی كەوتۆتە ئەستۆ كە دەبێت ئیتر لە جیاتی ھەڵمات گرتن دەستی باوكی بگرێت، ئەو ملی رێگای گرت و فێری كوچە و كۆڵانەكانی سلێمانی بوو، بۆ ئەوەی دەستی باوكی بگرێت و رۆژانە بیبات بۆ رێكخراوی نابینایان، بەڵام ھەر یەكەم رۆژ رێگاكەی لێ تێكدەچێت و نایدۆزێتەوە، دوای ئەو رۆژە ئیتر ھەموو كوچە و كۆڵانەكانی شار وەک ناوی خۆی لەبەردەكات.
ئێستا ٢٥ ساڵە بەردەوام ئەو كوڕە بووە بە گۆچان و دوو چاو بۆ ئەوەی باوكی بە نابینایی بەردەمی خۆی ببینێت.
ئەو ھەر نەبووەتە چاو ساغ بۆ باوكی، بەڵكو چاو ساغی زۆرێك لە نابینایانە.
ئەو رۆژێك لەگەڵ نابینایان و كەمئەندامانە، رۆژێكیش لەگەڵ ھەژاران و بێ باوكانە و خەمی ھەموویانی لەكۆڵ ناوە.
ئەو خۆی پێشمەرگەیە، كە چی لە ھەمووان زیاتر خەمی قوتابخانەكانییەتی و ھەر لەگەڵ دەستپێكردنی ساڵی نوێی خوێندن، قوتابخانەكان بەسەردەكاتەوە و بەشێك لە پێداویستییەكانی دابین دەكات، یەكێك لە بەڕێوەبەری قوتابخانەكان، زۆر جار ئەم ڕستەیە دووبارە دەكاتەوە، "ئەگەر حكومەت و وەزارەتی پەروەردە بەقەت شوانە دڕەیی بۆ پەروەردە بكەن، ھیچ كێشەیەكی پەروەردە نەدەما".
ھەر ئەوەندە نییە، كاتێك كوردانی رۆژئاوا ھاتنە ھەرێمی كوردستان، ئەو دەستیكرد بە كەمپین بۆ كۆكردنەوەی ھاوكاری بۆیان، كاتێك ئاوارەكانی عێراق بەھۆی شەڕی تیرۆرستانەوە روویان لە ھەرێم كرد، ئەو دیسان كەوتە كۆكردنەوەی ھاوكاری بۆیان، كاتێكیش بومەلەرزە لە رۆژھەڵاتی كوردستانیدا، زۆرێك لە كوردان بێ ماڵ و حاڵ بوون، ئەو جارێكی تر كەوتە كۆكردنەوەی ھاوكاری بۆیان. كاتێك ھەمووانیش لەبەر بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا لە ژوورەوەن، ئەو دەچێت خواردن بەسەر ماڵە ھەژاركاندا دابەشدەكات.
ئەو ھیچ شتێك ھێندەی یارمەتیدانی كەمئەندامان و ھەژاران دڵخۆشی ناكات، هەرچەندە ماندووبێت، چێژى یارمەتیدانەکەى ماندوێتییەکەى کەمدەکاتەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations