هەواڵ- کوردستان

نهێنی نوێ لە بارەی کچەکەی هەولێر ئاشکرا دەبێت و وێنەی هەڵەی بڵاودەبێتەوە

پێش 2 هەفتە

76 جار خوێندراوەتەوە


نهێنی نوێ لە بارەی کچەکەی هەولێر ئاشکرا دەبێت و وێنەی هەڵەی بڵاودەبێتەوە
بۆ یەکەمجار کۆباس زانیارییەکان ئاشکرادەکات..
کچەکە بۆچى ئەو شەوە لەگەڵ ئەو کوڕانە بووە؟
بەربوونەوەى کچێکى گەنج لە یەکێک لە شوقەکانى ئیسکان لە شارى هەولێر بووەتە رووداوێکى تەمومژاوى کە هەر رۆژە و زانیارییەکى نوێى لەسەر ئاشکرادەبێت و ئاسایشیش تا ئێستا دوو راگەیەندراوى لەسەر بڵاوکردوەتەوە.
بەیانى رۆژى هەینى کچێک لە نهۆمى پێنجەمى شوقەکانى ئیسکان کەوتەخوارەوە، ئاسایشى هەولێر پێشنیوەڕۆى دوێنێ دواى زیاتر لە ٢٤ کاتژمێر بەسەر رووداوەکەدا لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەسەر ئەو رووداوە دوو تۆمەتبار دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
ئاسایش دواى چەند کاتژمێر لەو راگەیەندراوە، راگەیەندراوێکى دیکەى بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دەست بە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە کراو دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایشی هەولێر دوو تۆمەتبار بەناوەکانی (ف، ز، ص)و(م، أ ، ع) دەستگیرکران و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت هەردوو تۆمەتبار لەگەڵ ئەو ئافرەتە لەژێر کاریگەری ماددە کهولییەکان لەکاتژمێر 7:00 ی بەیانی کێشە لەگەڵ ئەو ئافرەتە دروستبووە و دواتر لەلایەن یەکێک لە تۆمەتبارەکان ئەو ئافرەتە لەشوقەکە خراوەتە خوارە و بەسەختی برینداربووە، لە ئێستادا لە نەخۆشخانە لەژێر چاودێریدایە و لێکۆڵینەوە لەگەڵ تۆمەتباران بەردەوامە.
ئەو دوو کەسەى دەستگیرکراون دوو کەسى دیارى ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن و هەوادارێکى زۆریان هەیە.
لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان وێنە و ڤیدیۆى کچێک بڵاوکراوەتەوە کە گوایە ئەو کچەیە بەربووەتەوە و نازناوى مینا گیانى هەیە و کچێکى دیارى ناو تیکتۆکە و سەدان هەزار بینەرى هەیە، بەڵام بەپێى بەدواداچونەکانى کۆباس، ئەو کچە هیچ پەیوەندى بەو رووداوەوە نییە و ئەوەى کەوتوەتە خوارەوە کچێکى دیکەیە و کەسێکى ناسراوى ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نییە.
کۆباس بەدواداچونى دیکەى بۆ رووداوەکە کرد، بەپێى ئەو زانیارییانەى دەستیکەوتووە، ئەو کچە لە کاتژمێر ٤ى بەرەبەیانى رۆژى هەینى بە ئۆتۆمبێلێک چوونەتە ئەو شوقەیە و یەکێک لە کوڕەکان شۆفێربووە و کچەکە لە پێشەوە دانیشتوە و ئەوەى دیکەش لە دواوە، کاتێک لەبەردەمى شوقەکە دابەزیون، یەکێک لە کوڕەکان بە کارگێڕى شوقەکانى وتوە، ئەم کچە هاوڕێمانە و تەلەفۆنى بۆ کردوین و وتویەتى هەندێک کێشەم هەیە دێمە لاى ئێوە و لەوێ دەنگە دەنگ دروستبووە و یەکێک لە کوڕەکان ئەو کچەى فڕێداوەتە خوارەوە..

کچەکە لە تۆمارێکى ڤیدیۆییدا کە لە نەخۆشخانەیە قسە دەکات و دەڵێت ئەگەر مردیشم هەقى منى لێوەربگرنەوە..
ئێستا ئەو کچە لەژێر چاودێرى چڕدایە و بارى تەندروستی ناجێگیرە، بڕیارە ئاسایش لە ئایندەدا زانیارى دیکە لەسەر رووداوەکە ئاشکرابکات و پەردە لەسەر نهێنى نوێ هەڵبداتەوە..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations