هەواڵ- کوردستان

چیرۆکى ئەو دایک و کچەى لە هەولێر لافاو هەموو شتێکى لێسەندنەوە..

پێش 2 هەفتە

52 جار خوێندراوەتەوە


حاجى حەلیمە ژنێکى بەتەمەنى دانیشتووى گەڕەکى گڵکەندە لەشارى هەولێر.
حاجى حەلیمە تەمەنى نزیکەى 70 ساڵە و لەگەڵ کچەکەى بەیەکەوە دەژین، بەڵام هەرکاتێک باران دەبارێت ئەوان ژیانیان لێ تاڵ دەبێت..
ئەو ژنە بە تەمەنە ماوەی 35 ساڵە لەو گەڕەکە دەژى، بەڵام ٢٠ ساڵە کە باران دەبارێت نەیانتوانیوە بخەون، چونکە هەرکاتێک باران دەبارێت ئەوان خەمى لافاو دایاندەگرێت و ترسى ئەوەیان هەیە لافاو بیانبات..

شەوى رابردوو جارێکى دیکە لافاو هێرشى بۆ ئەو دایک و کچە هێنا و تا بەیانى نەیانوێرا بخەون، کاتێکیان زانى ماڵەکەیان پڕبوو لە باران و هیچ چارەیەکى دیکەیان لەبەردەم نەما جگە لەوەى هەرچى زووە خۆیان بگەیەننە سەربانى ماڵەکەیان و ژیانى خۆیان بپارێزن و نزیکەى 6 کاتژمێر لەسەربانى ماڵەکەیان مانەوە تا تیمەکانى فریاکەوتن گەیشتە سەریان و رزگارى کردن..

ئەو ژنە بە تەمەنە لەڕێگەى دروستکردنى دیوارێکەوە هەوڵیداوە ژیانى خۆیان لەلافاو بپارێزێت، بەڵام ئەو دیوارەش چارى لافاوەکە ناکات و ٢٠ ساڵە ئەو شەوانەى باران دەبارێت بە ترس و لەرزەوە رۆژ دەکەنەوە..
ژیانى ئەم دایکە بە تەمەنە و کچەکەى بەشێکە لە ژیانى زۆرێک لە خەڵکى شارى هەولێر کە هەر ئەوەندەى باران ببارێت، ئیدى خەمى لەدەستدانى ماڵ و ژیانیان دایاندەگرێت و خۆیان بۆ کارەسات ئامادە دەکەن..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations