هەواڵ- کوردستان

بازەکە لەسەر شانى کێ دەنیشێتەوە؟

پێش 2 هەفتە

41 جار خوێندراوەتەوە


بازەکە لەسەر شانى کێ دەنیشێتەوە؟
ئەو کەسانە کێن کە خۆیان بۆ شوێنە چەورەکەى حەلبوسى ئامادەکردووە؟
پۆستەکەى حەلبوسى شەڕ لەنێوان سوننەکان هەڵدەگیرسێنێت..

رۆژی ١٤ى ئەم مانگە، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری دوورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی لە ئەندامێتی پەرلەمانی عێراق دەركردو رایگەیاند " بڕیاری كۆتایهێنان بە ئەندامێتی محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان، هیچ جۆرە تانەیەكی یاسایی لێنادرێت" بڕیارەكەی  دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمای سكاڵایەك بوو كە هەردوو پەرلەمانتار (لەیس دلێمی)‌و (باسم خەشان) وەكو لایەنی سێیەم لە دۆسیەكەدا تۆماریانكردووە.
ئێستا پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەكانی بە نائاسایی دەكات، چونكە بەپێی دەستوری عێراق دەبێت لەیەكەم كۆبوونەوەدا سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردرێت، بەڵام لە ئێستادا گفتوگۆ لەسەر شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت، كە پشكی پێكهاتەی سونەیە لە عێراقدا.

 لە ئێستادا لەناو لایەنە سونییەكان و پەرلەمانتاران باس لە شوێنگرەوەی حەلبوسی دەكرێت لەگەڵ ئەوەی لەم بارودۆخەدا قورسە سەركردەكانی سوونە بڕیارێكی یەكگرتوویان هەبێت لەسەر پرسی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بەڵام سیناریۆو چانسەكان بەم شێوەیەیە تا ئێستا:
چانسی یەكەم تا ئێستا بۆ تەقەدوومە بەسەرۆكایەتی محەمەد حەلبوسی، ئەگەر لایەنەكان رەزامەند بن پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بدرێتەوە بە تەقەدوم، بەتایبەت باس لەوە دەكرێت گفتوگۆ هەیە لە نێوان لایەنەكانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی و تەقەدوومی سەربە محەمەد حەلبوسی كە ئەو پۆستە بدرێتەوە بە تەقەدووم، لەو حاڵەتەدا چانسی زیاد جەنابی و هەیبەت حەلبوسی زۆرە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
چانسی دووەم بۆ حزبی سیادەیە بەسەرۆكایەتی خەمیس خەنجەر، خۆ ئەگەر پۆستی سەرۆكی پەرلەمان بەر سیادە بكەوێت ئەوا سالم عیساوی چانسی گەورەی هەیە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.
چانسی سێیەم بۆ هاوپەیمانی عەزمە بەسەرۆكایەتی موسەنا سامەڕایی،  ئەوا چانسی وەرگرتنی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن موسەنا سامەڕاییەوە هەیە.
هەریەك لە مەحمود مەشهەدانی و تەلال زەوبەعی و خالید عوبەیدیش چانسیان هەیە ببنە سەرۆکى پەرلەمانى عێراق.

پۆستی سەرۆكی پەرلەمان گەورەترین پێگەی سیاسی تایبەت بە سوننەكانە لە عێراقی دوای سەددامدا، لەوكاتەوە هەر كەسێك لە پێكهاتەی سوننە ئەم پۆستەی بەدەستەوە بووبێت، وەكو كەسی ژمارە (1)ی پێكهاتەكە مامەڵەی كردووە.
لەدواى دورخستنەوەى حەلوبسى لە سەرۆکى پەرلەمان، قەیرانێکى نوێ لەناو سوننەکان سەرى هەڵداوە، بە تایبەت هەزمکردنى دروخستنەوەى کەسى یەکەمى سوننەکان قورسە و پێدەچێت دۆخەکە وا بە ئاسانى کۆنتڕۆڵ نەکرێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations