هەواڵ- کوردستان

کێ دەبێتە رابەری سوننەکان لە عێراق

25/11/2023

163 جار خوێندراوەتەوە


کێ دەبێتە رابەری سوننەکان لە عێراق
هەر کەسێک وەک سەرکردە و رابەر دەربکەوێت یەکسەر دووردەخرێتەوە
سوننەکان لە عێراق بە پەراوێزخراوی دەمێننەوە
بەڵام ئایا لەداهاتوو دەسەڵات لە عێراق دەگەڕێتەوە دەستی سوننەکان؟
لە عێراق و لەدوای رووخانی رژێمی دیکتاتۆری پێشوو
سوننەکانی عێراق بەلاوازی لە پێگە و دەسەڵات بوونیان هەبووە
ئەوەشی لەم دواییانە باس دەکرا گەڕانەوەی سوننەکان بوو بۆ سەر کورسی دەسەڵات لە عێراق 
بەڵام لابردنی محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران لە پۆستەکەی و دوورخستنەوەی، جارێکی دیکە ئەو لێکدانەوانەی پوچەڵکردەوە کە بۆ داهاتووی عێراق دەکرا.
لە پاش ساڵی 2003 
زۆرێک لە سیاسییە سوننەکانی عێراق بە هۆکاری جیاواز لە پۆستەکانیان لادراون
تەنانەت هەندێکیان لە جیاتی تیرۆری جەستەیی، تیرۆری سیاسی کراون 
کە دیارترینیان تارق هاشمی بوو، کە پاش ئەوەی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەرکرا، رێگەی پێدرا لە عێراق رابکات و بەیەکجاری لە گۆڕەپانی سیاسی دوورخرایەوە
پاش ئەویش هەریەکە لە ئوسامە نوجێفی و ساڵح موتڵەگ و عەدنان دلێمی و مشعان جبوری، هەریەکەیان بەجۆرێک لە پۆستە سیاسییەکانیان دوورخراونەتەوە و لاوازکراون
دوایین کەسایەتی کە وەک رابەری سوننەکان دەردەکەوت محەمەد حەلبوسی بوو
کە ئەویش لە شەو و ڕۆژێکدا لە پۆستەکەی داماڵدرا
هەر بۆیە ئەم دۆخەش ئەو پرسەی هێنایەوە کایە کە ئایا کێ دەتوانێت ڕابەرایەتی سوننەکان بکات لە عێراق
کە ئێستا تەواو پەرتەوازە بوون
 د. بەهرۆز جەعفەر بەڕێوەبەری ناوەندی میدیتریانە لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ #کۆباس باسی لەوە کرد کە سوننەکان مەرجەعێکی دیاریکراویان نییە لە عێراق و ئەو وڵاتانەی کە پشتگیریشیان دەکەن کە دیارترینیان بەرەی ئوردن و سعودیە و ئیمارات و میسرن، پێگەی بەهێزیان لە عێراقدا نییە، هەر بۆیە یەکخستنەوەیان بووەتە کارێکی مەحاڵ، لەکاتێکدا شیعەکان هەم لە ناوخۆ مەرجەعیەتێکیان هەیە و هەم لە دەرەوەش ئێران پشتگیرییان دەکات
د. بەهرۆز جەعفەر بەڕێوەبەری ناوەندی میدیتریانە بۆ #کۆباس ئاشکراشیکرد، داهاتووی عێراق ناڕوونە چونکە بەپێی هەموو ئەگەرەکانیش لەسەدا 25 بۆ سەدا 30 خەڵک بەشداری دەنگدان دەکات و بەوەش ئەگەر تاوەکو ساڵی داهاتوو گرێبەستی نوێی کۆمەڵایەتی لە عێراق نەیەتە ئاراوە ئەم حکومەتەی ئێستا لەبەردەم مەترسی هەڵوەشاندنەوەدا دەبێت و ئەو کاتە ئەگەری گۆڕانکاری نوێ دەبێت 
ئەگەرنا بەم دۆخەی ئێستاوە ئەستەمە سوننەکان بتوانن خۆیان کۆبکەنەوە و ڕابەرێکیشیان هەبێت، چونکە ئەگەر دروستیش ببێت، چارەنووسی لە تارق هاشمی و محەمەد حەلبوسی باشتر نابێت

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations