هەواڵ- کوردستان
پارێزگارەکانى هەرێم هاواریان لێهەستا..
پارێزگارەکانى هەرێم هاواریان لێهەستا..
بەرپرسان دژى خۆیان پەتى تەحەمولیان پچڕا..
ئەو خەونەى ١٠ ساڵە دەبینرێت بەرپرسانیشى توڕەکرد..
بەڵێنێک درا و پێچەوانەکەى جێبەجێ کرا..
خەونێک بینرا و پێچەوانەکەى بەدیهات..
ئەمەى دەیبینین مانشێتى رۆژنامەى هەولێرە لە ساڵى ٢٠١٣ کە دەڵێت، کوردستان لە کارەباى ٢٤ سەعاتى نزیک بووەتەوە و ساڵ و نیوێکە هیچ کارەبایەک لە دەرەوەی هەرێمى کوردستان ناکڕین..
ئێستا زیاتر لە ١٠ ساڵ بەسەر ئەو مژدە خۆشەدا تێپەڕیوە، کە ئەوە وەک خەون بوو بۆ خەڵکى هەرێمى کوردستان، نەک ئەو خەونە بەدینەهات، بەڵکو رێک پێچەوانەبووەتەوە و ئێستا هەرێمى کوردستان نزیکبووەتەوە لە ٢٤ سەعات لە بێ کارەباى نیشتمانى، خۆ ئەوە ئەگەر کارەباى موەلیدە نەبێت دەبێت شەو بەدیار چراوە رۆژ بکەیتەوە و بگەڕێیتەوە بۆ ٥٠ ساڵ لەمەوبەر..
خەڵکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە ٣٠ ساڵە داد و بێدادیانە لەدەست نەبوون و کەمى کارەبا
بەپێى بەدواداچوونەکانى کۆباس، لەم هەفتەیەدا کە بڕێکى باش بارانبارى و پلەى گەرما بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى، پێدانى کارەباش بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزى تەنانەت لە هەندێک ناوچە لە رۆژێکدا کەمتر لە پێنج کاتژمێر کارەبا هەبوو..
ئێستا قۆناغێکى نوێ هاتوەتە پێشەوە بێ کارەبایی هاوارى لە حکومەتیش هەستاندووە و ئەوانەى کە ئەرکى دابینکردنى خزمەتگوزارییەکانى هاوڵاتییانیان لەسەر شانە، داد و بێدادیانە..
ئەوەتا ئومێد خۆشناو پارێزگاى هەولێر کە کەسى یەکەمى ئەو پارێزگایەیە، دەڵێت، کارەبای نیشتمانی لە هەولێر جیاوازە لەگەڵ شارەکانی دیکە و هەولێر ستەمی لێکراوە و هەست بەوە دەکەین نادادپەروەری هەیە.
لە دواى ئەو دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگارى سلێمانیش لەبەر بێ کارەبایی هاوارى لێهەستا و دەڵێت، لە 24 کاتژمێردا تەنها حەوت کاتژمێر کارەبا بە هاوڵاتییان دراوە.
جاران خەڵک گلەیی لە حکومەت هەبوو، ئێستا حکومەتیش گلەیی لە خۆى هەیە و نازانێت رووبکاتە کوێ بۆ ئەوەى خەمەکانى هەڵڕێژێ و کێشەى کارەباى بۆ چارەسەرببێت..