هەواڵ- کوردستان
دادگا کوردەوانى بە تەواوى بێ هیوا کرد..
دادگا کوردەوانى بە تەواوى بێ هیوا کرد..
کۆتایی بە خەونى گەنجەکەى هەڵەبجە هات..
دوایین بزمار لە تابوتى گەڕانەوەى کوردەوان بۆلاى مەحمود فەتاح درا..
دواجار هەموو شتێک یەکلایی بووەوە و چیرۆکەکە کۆتایی هات..
هاوڕێ ئەنوەر کە خۆی بە كوردەوان هەڵەبجەیی دەناساند، یەكێكە لە منداڵە ونبووەكانی کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە ساڵی 1988ـەوە لە خێزانەکەی دابڕاوە.
هاوڕێ، تەمەنی دوو ساڵ و نیو بووە کاتێک دەبرێتە خانەی بێسەرپەرشتانی بەغدا، شەش مانگ لەوێ ماوەتەوە و دواتر خێزانێکی کوردی کەرکوکی بە بڕی 10 هەزار دیناری سویسری کوردەوان هەڵدەگرنەوە و دەیکەنە کوڕی خۆیان.
لە ساڵی 2021 ئەو باوکەی هەڵیگرتبووەوە کۆچی دوایی کرد و خێزانەکەی پێیڕادەگەیەنن کە کوڕی ئەوان نییە و میراتی ناکەوێت.
هاوڕێ لە ساڵی 2022ـەوە گەشتی گەڕان بە دوای خێزانەکەی دەستپێکرد و دوای پشکنینی دی ئێن ئەی، دادگا بڕیاریدا کوڕی پیاوێکە بە ناوی مەحمود فەتاح، بەڵام مەحمود ڕەتیدەکردەوە کە هاوڕێ کوڕی ئەو بێت و جەختیدەکردەوە لەوەی لە کاتی کارەساتەکەدا منداڵەکەی کۆچی دوایی کردووە و بەدەستی خۆی بەخاکیسپاردووە.
کەیسى ئەو کوڕە خێزانەکەی مەحمود فەتاحی کرد بە دووبەشەوە، بەجۆرێک ژن و کچەکەى مەحمود کوردەوانیان وەک کوڕى ئەو ماڵە قبوڵە..
مەحمود دەڵێ ئەو کوڕە ڕاست ناکات و دەشیەوێت لە ڕێگەی ڕێکخراوێکەوە خوێنەکەیان ببرێت بۆ ئەڵمانیا
هەرچەندە باس لەوە دەکرا کە کوردەوان بۆ ئەوەى میراتى لە مەحمود وەربگرێت خۆى کردووە بە کوڕى، بەڵام کوردەوان دەڵێت ئەو نە پارەی دەوێت و نە بۆ وەرگرتنی میراتیی مەحمود فەتاحیش ئەو کارەی کردووە، بەڵکو لە سۆزی خێزان و باوک و دایک بێبەش بووە و بەتەنیا گەورەبووە و تەنها مەبەستی وەرگرتنەوەی ئەو مافەیەتی.
مەحمود فەتاحیش دەڵێت، ئەو کە کوردەوان وەرناگرێتەوە لەبەر میراتی نییە، چونکە خاوەنی هیچ نییە و تەنها ٥٠٠ هەزار دیناری خانەنشینیی هەیە
دواى مشتومڕێکى زۆر و چەندین پشکنین، دواجار دادگاى باری کەسێتی هەڵەبجە کۆتایی بەو چیرۆکە هێنا و بڕیاریدا، کە بەپێى پشکنینەکان هاوڕێ کوڕی مەحمود فەتاح نییە، بەڵام ئەو ئێستاش هەر خۆى بە کوڕى ئەو پیاوە دەزانێت و دەڵێت، پشکنینەکان گۆڕانکارى تێداکراوە.
هەرچەندە دادگا بڕیارى کۆتاییداوە، بەڵام ئێستا ئەو کوڕە چاوەڕێیە دادگاى تەمیز بڕیارێکى تر بدات و بیکات بە کوڕى مەحمود.