هەواڵ- کوردستان

ئەو شارەى هەمووان حەزدەکەن بە مەرگیش بچنەوە ناوی

29/11/2023

212 جار خوێندراوەتەوە


ئەو شارەى هەمووان حەزدەکەن بە مەرگیش بچنەوە ناوی
هەمووان وەسیەت دەکەن لە سلێمانى بنێژرێن..
گرنگ نییە لەوێ ژیاون یاخود نا، ئەوەى گرنگە دوامەنزڵیان سلێمانى بێت..
سلێمانى ئەو شارەى هەمووان حەزدەکەن تیایدا بژین و بمرن، ئەوانەشى کە لێى دوورن، دەیانەوێت دوامەنزڵیان لە سلێمانى بێت و لەوێ بنێژرێن، پێش ئەوەى بشمرن، تاکە وەسیەتیان ئەوەیە لە سلێمانى بنێژرێن، بەتایبەت ئەوانەى کە خەڵکى رۆژهەڵاتى کوردستانن..
خانمە هونەرمەندى دیارى کوردستان، مەرزیەى فەریقى خۆى لە شارى مەریوانى رۆژهەڵاتى کوردستان لەدایکبووە، ئەو یەکێک بوو لەو هونەرمەندانەى کە پێش مردنى وەسیەتى کردبوو ئەگەر رۆژهەڵات ئازادنەکرابوو لە سلێمانی بینێژن. 
مەرزیە لە ڕۆژی 18ی9ی2005 لە وڵاتى سوید کۆچی دواییکرد و تەرمەکەى هێنرایەوە سلێمانى و لە گردی سەیوان بەخاکسپێردرا..
تەنیا مەرزیە نەبوو کە داواى کرد لە سلێمانى بنێژرێت، مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی، مامۆستای ئایینی دیارى رۆژهەڵاتى کوردستان و تێکۆشەری ڕێگای ئازادی کوردستان، ئەو مەلایەى لە مزگەوتدا بۆ خودا و لە دەرەوە بۆ کورد ژیا، وەسێتیکردبوو پاش مردنی لەشاری سلێمانی ئەسپەردەی خاکی بکەن. وەسیەتەکەی شێخ عیزەدین هێنرایە جێ و ڕۆژی 10ی2ی2011 لە وڵاتی سوید کۆچی دواییکرد و دواتر تەرمەکەى هێنرایەوە بۆ سلێمانى و لە گۆڕستانی سەیوان بەخاک سپێردرا.
جیا لەوان هونەرمەند ئیسماعیل سابووری کە خەڵکى کرماشانى رۆژهەڵاتى کوردستان بوو، لە ڕۆژی 16ی6ی2019 کۆچی دواییکرد و لەسەر داوای خۆی لە گردی سەیوان لە سلێمانى بەخاکسپێردرا..
دوایین کەسایەتی بەناوبانگی ڕۆژهەڵات کە هەر لە سلێمانی نێژرا، هونەرمەند تاهیری خەلیلی بوو.
ئەو هونەرمەندە دیارەى کورد ڕۆژی 26ی11ی2023 لەسلێمانی کۆچی دوایی کرد و دوو ڕۆژ دواتر لەگۆڕستانی بەکرەجۆ لە سلێمانى بەخاکسپێردرا.
بەڵێ سلێمانى ئەو شارەیە کە هەمووان ئاواتى پێدەخوازن، ئەگەر دەرفەتى ئەوەیان نەبێ کە تیایدا بژین، دەیانەوێت تیایدا بمرن، یان تیایدا بەخاکبسپێردرێن..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations