هەواڵ- کوردستان
ئەو پیاوەى 900 هەزار کەسى دا بە کوشت و خەڵاتى ئاشتى پێدرا..
لە پشت ئەوەوە بوو مانگانە پێنج ملیۆن دۆلار بە پارتی و شۆڕشی ئەیلول بدرێت..
بەڵام کاتێکیش وەڵامی بارزانی نەدایەوە، بارزانی باپیر پارەکانی کۆکردەوە و وتی کاری من تەمام شود..
دەیوت کورد زۆر درەنگ دەگەن بە ئامانج، بۆ ئەمەش نهێنییەک هەیە..
ئەو پیاوەی توانی چین و ئەمریکا ئاشت بکاتەوە، تا مردیش دانەسەکنا و هەر جوڵا و بێ ئەوەی هیچ پۆستێکی هەبێت سەرۆکی چین پێشوازی لێ دەکرد.
هەموان بە ڕێوی سیاسەت ناوی دەبەن، پیاوێک ١٠٠ ساڵ ژیا و ١٠٠ فێڵی جیاوازی لە سیاسەتتدا داهێنا
دەیتوانی کاری موعجیزە ئاسا بکات و بۆ بەرژەوەندی وڵاتەکەشی زۆر لای ئاسان بوو هەرچی دۆستی وڵاتەکەیەتی بیفرۆشێت
سیاسییەکی بەتوانا، پۆستی هەبوبێت یان نا، هەموان ڕێزیان لێ دەگرت، ئەو لە ٩٩ ساڵیدا سەرۆکی چین پێشوازی لێکرد و تا کۆتا مانگەکانیشی بۆچوونەکانی لەسەر سیاسەت ڕانەوەستان
هێنری کیسنجەر لە ساڵی 1923 لە ئەڵمانیا لەدایكبووە لەساڵی 1938 کۆچی کردوە بۆ ئەمریکا ، ئەو ئەمریکی نەبوو، بەڵام ڕەنگە کەس نەدۆزیتەوە هێندەی ئەو کاری بۆ ئەمریکا کردبێت.
خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی هەبوو، کەچی تۆمتبار بوو بە ئەنجامدانی تاوانی جەنگ لە کەمبۆدیا و لاوس، کە ٩٠٠ هەزار کەس تێیدا کوژرا، ئەو توانی وڵاتەکەی لە جەنگی ڤێتنام دەربکات و لەگەڵ چین بیگەیەنێتە ئاشتی.
ستایشی ڤلادیمێر پۆتینی دەکرد و دەشیویست سنوری بۆ دابنرێت و جولەکەیەک بوو کە دواین هەڵوێستی بەر لە مەرگی بۆ پشتگیری لە ئیسرائیل بوو.
کیسنجەر، سەرەتا ئەندامی پارتی دیموکراتەکان بوو، دواتر وازی لەو پارتە هێناوەو بووەتە ئەندامی پارتی کۆمارییەکان، ئاواتی ئەوەی هەبووە ببێت بە سەرۆکی ئەمەریکا، بەڵام لەبەر ئەوەی لە دایکبووی ئەمەریکا نەبوو ئەو ئاواتەی نەھاتەدی.
ئەو بەر لە مەرگی پێشبینی ترسناکترین ڕووداوی کردووە، کە ئەنجامەکەی لە جەنگی جیهانی خراپتر دەبێت و دەڵێت لە ململانێی نێوان ئەمریکا و چین لە کۆتاییدا سەردەکێشێت بۆ "ئەنجامی کارەساتاوی"، کە دەکرێت بەشێوەیەک بێت "ئەنجامە کارەساتاوییەکانی، لە ئەنجامە کارەساتاوییەکانی جەنگە جیهانییەکان خراپتر بن.
ئەو ساڵی ڕابردوو بە ڕوونی وتی، "ئهمهریكا لەلێواری جهنگدایە لهگهڵ رووسیا و چین، بێ ئهوهی بزانین كهی كۆتاییپێدێت و بهرهو كوێمان دهبات".
پەیوەندی شۆڕشی کورد و ئەمریکا بە ئاگاداری و هاوکاری شای ئێران، ساڵی ١٩٧٢ خەمڵی و پێی نایە قۆناغێکی هەستیارەوە. مانگی ئابی ئەو ساڵە لە پرۆسەیەکی تەواو نهێنیدا، ئەمریكا مانگانە بڕی 250 هەزار دۆلاری وەكو یارمەتی دەدا بە سەرکردایەتی شۆڕشی ئەیلول
بە تێکچوونی پەیوەندی کورد و دەسەڵاتی عێراق، ئەمریکا هاوکارییەکانی بۆ کورد بەرزکردەوە بۆ زیاتر لە پێنج ملیۆن دۆلار لە ساڵێكدا. کە کیسنجەر ڕۆڵیهەبوو تێیدا.
بەڵام دواتر کاتێک ڕێککەوتنی جەزائیر کرا، کیسنجەر وەڵامی نامەی بارزانی نەدەیاوە و ئامادەش نەبوو مەلا مستەفا ببینێت، ئەمەش وای لە بارزانی کرد، ئەگەرچی شۆڕش لەو کاتەدا خاوەنی پارەیەکی زۆر بوو، بڵێت کاری من تەمام شود.
ئەو یەک نهێنی هەبوو، کە وایلێکرد پشت لە کورد بکات، ئەویش ئەوە بوو کە خۆی دەیوت : کورد مەحکومی جوگرافیان بۆیە زۆر درەنگ دەگەن بە ئامانجەکانیان!
دواجار لە ١٠٠ ساڵیدا ڕێوییەکەی سیاسەت مرد و جیهانی لە ساتێکدا جێهێشت کە لێوانلێوە لە جەنگ و نە ئەو فریای خامۆشکردنی دەکەوێت و نە فریای دروستکردنی شەڕی دیکەش..