هەواڵ- کوردستان
چیرۆکى ئەو مامۆستا وانەبێژەى دانەمەزرا و خۆى سوتاند..
ئەمڕۆ هەواڵێک لە میدیاکان بڵاوکرایەوە کە لە قەزای بەردەڕەش لە سنوری پارێزگای دهۆک، هاوڵاتییەک دوای ئەوەى ئاگرى لە جەستەى خۆى بەرداوە، لە سەربانی ماڵەوە خۆی خستوەتە خوارەوە و گیانی لەدەستدا.
سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش دەڵێت، نازانن هۆکاری رووداوەکە چییە و بۆ زانینی پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان کردووەتەوە.
بەپێى زانیارییەکانى کۆباس، ئەو کەسەى ئاگرى لە جەستى خۆى بەردا و دواتر گیانیلەدەستدا، ناوى یاسر نایب مستەفایە و تەمەنى ٢٧ ساڵ بووە و مامۆستاى وانەبێژ بووە.
مامۆستا یاسر لە چاوەڕوانى ئەوەدا بوو کە حکومەت دەرگاى دەمەزراندن بکاتەوە و ببێت بە هەمیشەیی، بەڵام ئەو چاوەڕوانییەکەى کۆتایی نەهات و ژیانى خۆى بۆ هەمیشە کۆتایی هات..
ئەو مامۆستایە پەیامێکى دا بە گوێى حکومەتدا کە چیتر کەس نەبێتە قوربانى و با تەنیا ئەو قوربانى بێت، با ئیتر مامۆستایانى وانەبێژ دابمەزرێن و ئەو خەونەیان بەدیبێت، بەڵام حکومەت وەک رووداوێکى ئاسایی سەیرى خۆسوتاندنى ئەو مامۆستایە دەکات و نە ڕایچەڵکاند و نە هیچ بڕیارێکیش بۆ وانەبێژان دەردەکات..
دواجار مامۆستا یاسر بە ئازارێکى زۆرەوە ماڵئاوایی لە ژیان و خەونەکانى کرد و بە ئاواتى دامەزراندن سەرى نایەوە..