هەواڵ- کوردستان

گۆشتى سەگ لە هەولێر هەراى نایەوە..

05/12/2023

154 جار خوێندراوەتەوە



دەنگۆى پێدانى گۆشتى سەگ لە چێشتخانەیەکى ناحیەى بەحرکەى هەولێر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانى تەنیوە و لایەنە پەیوەندیدارەکانیش هاتنە سەرخەت و هەموو شتێکیان ئاشکرا کرد.
دەنگۆکە وا بڵاوکراوەتەوە کە  لە چێشتخانەیەک لە بەحرکە دەستگیرا بەسەر گۆشتی سەگدا کە بەخەڵک فرۆشراوە..
لەسەر بڵاوبوونەوەى دەنگۆى پێدانى گۆشتى سەگ لە چێشتخانەیەکى ناحیەکە، تۆڵە مەهدی خۆشناو، بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر رایگەیاند،  شتێکی لەوشێوەیە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام هیچ بنەمایەکی راستی نییە، ئێمە لە چێشتخانەکانمان دڵنیاین و ئەو هەواڵەش بۆ لێدانە لە چێشتخانەکان و کارکردنە سەر رزق و رۆزی خەڵک.
 
بەڕێوەبەری ناحیەی بەحرکە سەبارەت بە راستیی رووداوەکە وتی، "پۆلیس کەسێکیان دەستگیرکردووە کە خەڵکی سووریایە، دوای ئەوەی سەگێک سەردەبڕێت و هەواڵی لەسەر دەدەرێت، لەلای پۆلیس دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و گوتوویەتی یەکەم جارە ئەو کارە دەکات و ئەو سەگەشی لەسەر داوای جادووگەرێک سەربڕیوە، گوایە بەشێک لە لاشەی سەگەکە بۆ ئەوە بەکاردەهێنێت تاوەکو فاڵی بۆ بگرێتەوە و منداڵی ببێت."
راستى روداوەکە بەم جۆرە بووە، هەواڵ دراوە بە ئاسایش کە سەری سەگێک لە سەربانی ماڵێک لە بەحرکە بینراوە، کاتێک ئاسایش دەچنە شوێنەکە دەبینن زانیارییەکە راستە و لەناو سەلاجەی ماڵەکەش گۆشتێکی گوماناوی هەبووە و نێردراوە بۆ پشکنین.
بەپێى زانیارییەکان، خاوەنی ماڵەکە خەڵکی هەرێمی کوردستان نییە، دوای ئەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و وتوویەتی من سەگەکەم سەربڕیوە، جادوگەرێک پێی وتووم سەگ سەرببڕە و سەرەکەی لەسەربان دابنێ با منداڵتان ببێت.
ئێستا ئەو کەسە دەستگیرکراوە و پاکى چێشتخانەکەش سەلمێنراوە و بەهیچ جۆرێک ئەو چێشتخانەیە گۆشتى سەگى نەداوە بە هاوڵاتیان..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations