هەواڵ- کوردستان

بۆ یەکەمجار چەند نهێنییەکى سەدام حسێن ئاشکرا دەکرێت..

05/12/2023

191 جار خوێندراوەتەوە


بۆ یەکەمجار چەند نهێنییەکى سەدام حسێن ئاشکرا دەکرێت..
ئەو کاتەى کوڕەکانى کوژران چى کرد؟
دوایین ساتەکانى ژیانى پێش دەستگیرکردنى چۆن بەڕێکرد؟
دواى ٢٠ ساڵ پەردە لەسەر نهێنییەکان هەڵدەدرێتەوە..
 لەرۆژى 13/12/2003 سەدام حسێن لە حەشارگەکەیدا لە ناوچەی دۆر لە پارێزگای سەلاحەدین لە كێڵگەیەكدا لە دووری چەند مەترێكی كەم لە ڕووباری دیجلە، لە ناوچەی مەعبەر دەستگیرکرا و دواى ٢٠ ساڵ لەو روداوە، ئێستا ئەو کەسەى سەدام حسێنى لەو چاڵەدا شاردەوە نهێنییەکان ئاشکرا دەکات..
عەلا نامیق، ئەو کەسەیە کە سەدام حوسێنی لە چاڵێکدا شاردبووەوە، بۆ یەکەمجار دەرکەوت و باسی لە ناخۆشترین رۆژی سەدام لە کاتی مانەوەی لە چاڵەکەدا کرد..
عەلا نامیق بە کەناڵى روداوى راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری هیچ نەبوون کاتێک سەدام لە دەرگاکەیانى داوە و کاتێکیش چووەتە لایان، سەدام بڕە پارەیەکی زۆر کەمی لە گیرفاندا بووە. 
دەشڵێت، خەمە گەورەکەی سەدام کوژرانى منداڵەکانى بوو، کاتێک منداڵەکانی کوژران ئەمە سەخت و دژوارترین رۆژی بوو کە گوێی لە هەواڵەکە بوو، بەڵام لەهەمان کاتدا خۆی بە خەمباری دەرنەخست و چووە بەردەم خەڵک و پێی راگەیاندن ئەوان شەهیدی رێگای خودان و پەیامێکی بەجیهان گەیاند، بەوەی رۆڵەکانی لەپێناو ئەم رێبازە بەخشی و هەستێکی بە عێراقییەکاندا بەوەی لە ئەمریکییەکان ناترسێت و خەمبار نییە.
ئەو باسى ئەو چرکە ساتە دەکات کە سەدام داواى لێکردون بیشارنەوە و دەڵێت، کاتێک سەدام هاتە لای باوکم و بابەتەکەى پێ وتوە کە حەشارى بدات، باوکیشم بانگی کردم و هەواڵەکەی پێ راگەیاندم، منیش یەکە بەیەکەی براکانم بانگکرد بەهۆی ئەوەی ناکرێ هەواڵەکە ئاشکرا بکرێت. سوپاس بۆ خودا توانیمان بیپارێزین تاوەکو ئەو کاتەی رادەستکرا، چونکە ئەو دەستگیرنەکرا، لە راستیدا رادەستکرا.
بەپێى گێڕانەوەى ئەو پیاوە، سەدام لە دوایین گفتوگۆییدا لەگەڵى زۆر دڵتەنگ بوو، هەستی کرد کەسێک لە گرووپەکەی خۆی شوێنەکەی ئاشکرا دەکات، بۆیە  داوای لێکردووە شوێنێکی نهێنی دیکەی بۆ بدۆزێتەوە، ئەویش شوێنێکی دیکەى بۆ دروستکرد، بەڵام پێڕانەگەیشتین، بڕیاربوو دوای دوو رۆژ بیگوازێتەوە بۆ کێڵگەیەکەى خۆى و لەوێ بیشارێتەوە، بەڵام ئەوەی چاوەڕوان دەکرا روویدا و رادەستکرا. رۆژی 13ـی 12 لە کاتژمێر 7:30 دەستگیرکرا.
ئێستا ئەو پیاوەى کە سەدامى شاردەوە، کارکتەرى سەرەکى فیلمى "شاردنەوەی سەدام"ە و فیلمەکە لەلایەن دەرهێنانى کورد هەڵکەوت مستەفاوە کارى دەرهێنانى بۆ کراوە، بە وتەى دەرهێنەرەکە  دوو ساڵی پێچووە تاوەکو رازی بکات بۆ ئەوەى بەشدارى لە فیلمەکەدا بکات.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations