هەواڵ- کوردستان

ئەو کابینەیەى زۆرترین بەڵێنیدا، زۆرترین مووچەى فەرمانبەرانى خوارد..

05/12/2023

127 جار خوێندراوەتەوە


ئەو کابینەیەى زۆرترین بەڵێنیدا، زۆرترین مووچەى فەرمانبەرانى خوارد..
کابینەیەک داهێنانى لە دەستەواژەى نوێکرد بۆ بڕینى قوتى خەڵک..
کابینەیەک بیدەعەیەکى داهێنا کە هاوشێوەى نەبووە..
رەنگە تۆى فەرمانبەر نەزانى تا ئێستا چەند مووچەت لاى حکومەتە
کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە 10ى 7ى 2019 لە پەرلەمانى کوردستان متمانەى وەرگرت، تا ئێستا دەکاتە ٥٣ مانگ کە هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەبات..
ئەرکى سەرەکى هەموو حکومەتێک دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرەکانییەتى، حکومەتى هەرێمیش بەردەوام جەختى لەوە کردووەتەوە کە کارى لە پێشینەى دابینکردنى مووچەى فەرمانبەرانە، کە چى لەماوەى 53 مانگدا، تەنها (33) مانگیان موچەی تەواوەتی موچە خۆرانی هەرێمی خەرجکردووە، (10) مانگیشی بە کەم و کوڕی و لێبڕین خەرج کردووە، (10) مانگیشی خەرج نەکردووە یان دوای خستووە کە کۆى ئەو موچە شایستانەی لە کابینەی نۆیەمدا خەرج نەکراوە نزیکەى 11 ملیار دینارە، کە بەم جۆرە بووە:
لەم کابینەیەدا ٧ مووچەى تەواو دابەشنەکراوە کە بڕەکەى دەکاتە 6 ترلیۆن 300 ملیاردینار
9 موچە بە لێبڕینی 21%" دابەشکراوە کە دەکاتە 1 ترلیۆن 701 ملیار دینار
1 موچە بە لێبڕینی 18%" دابەشکراوە کە دەکاتە 162 ملیار دینار
سێ مووچەى کۆتایی ئەمساڵ دواکەوتوە کە دەکاتە  2 ترلیۆن 823 ملیار دینار
بەوپێیە کۆى ئەو پارەیەى کە حکومەت لەماوەى ئەم کابینەیەدا نەیداوە بە فەرمانبەران (10 ترلیۆن 986 ملیار)ە.
قۆناغی پاشەکەوتی مووچە لە سەردەمی کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستى پێکرد، لەماوەی نێوان ساڵانی (2015 - 2018) مووچەخۆران (5) موچەی تەواویان پێنەدراوە (23) مانگیش چارەکە مووچەو (11) مانگیش بەشێک لە موچەکانیان پاشەکەوت کرا.
بەڵام لە کابینەی نۆیەم دا پرسی موچە پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە ئەویش لە بری پاشەکەوت داهێنانی لێبڕین بوو، لەم کابینەیەدا موچەی مانگەکانی (4، 5، 6، 7، 8، 11،12ی ساڵی 2020) خەرج نەکرا (9) موچەش بە لێبڕینی (21%) و موچەیەکیش بە لێبڕینی (18%)ەوە لە ساڵانی (2021 - 2022)ی بۆ فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرجکراوە و ئێستا فەرمانبەران نزیکەى 11 ملیار دیناریان تەنها لە کابینەى نۆدا خوراوە یاخود وەریان نەگرتووە و لە ئەستۆى حکومەتى هەرێمە، کەچى قسەى سەرى زمان و بنى زمانى ئەم حکومەتە بووە بە ئەنجامدانى چاکسازى، یاخود حکومەتى بەهێز..

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations