هەواڵ- کوردستان
ئایا مامەڵەی هەرێم دەبێتە تمەن و لیرە و درهەم؟
ئایا مامەڵەی هەرێم دەبێتە تمەن و لیرە و درهەم؟
عێراق هەنگاوی مەترسیدار بەرانبەر دۆلار دەگرێتەبەر
شارەزایان هۆشداریدەدەن لەم هەنگاوە مەترسیدارەی عێراق
بەڵام ئایا هەرێمیش واز لە مامەڵە بە دۆلار دەهێنێت؟
بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرانبەر دینار لەماوەی رابردوو عێراق چەندین هەنگاوی گرتووەتە بەر
تازەترین هەنگاویش کە گرتوویەتە بەر بەنیازە بۆ هاوردەکردنی شمەک و کاڵای بازرگانی لەگەڵ تورکیا و ئێران و ئیمارات لە بری دۆلار بکاتە دینار و لیرە و تمەن و درهەم و یۆرۆ
لەکاتێکدا پێشتر چەندین وڵاتی زلهێز بەنیازی ئەم هەنگاونانە بوون بەڵام تا ئێستا دەرئەنجامێکی نەبووە.
لەبارەی راگرتنی مامەڵەکردن بە دۆلار و ئاشکرابوونی ئەم هەنگاوەی عێراق لەلایەن ئەمریکا تا چەند سزای بۆ عێراق بەدواوە دەبێت، د.محەمەد عوزێری پسپۆری بواری ئابووری و وبەرهێنان تایبەت بە #کۆباسی راگەیاند، لە ئێستادا عێراق سزای ئەمریکای لەسەرە و ئەم هەنگاوانەش کە دگیرێتەبەر بۆ کوشتنی کات و سەرقاڵکردنی هاوڵاتییانە لەلایەن ئەم کابینەی حکومەتی عێراق و دەیەوێت بوونی خۆی بسەلمێنێت بەڵام ئەم بڕیارانە زیادەیە و هیچی جێگەی خۆی ناگرێت و خۆشیان دەزانن ئەمریکا بەم کارانە رازی نییە و عێراقیش هەموومان دەزانین ئەو هێزەی نییە لەم کارانە روبەروی ئەمریکا ببێتەوە و ناشکرێت بازرگانەکانی عێراق خاوەنی ئەم جۆراوجۆرەی دراو بن و بەم هەنگاوانەش عێراق بەرەو فەوزا هەنگاو دەنێت.
بەپێی زانیارییەکانی کۆباس ئەوەی دۆخی عێراق و دۆلار و تارادەیەک راگرتووە ئەوەیە هیزی دیناری عێراقی لە ژێر سیبەری بانکی فیدرالی ئەمریکییە و تا ئیستاش نرخەکەی بەوجۆرە ماوەتەوە ئەگەر ئەمریکا دەستبەرداری دیناری عێراقی ببێت بەپێی وتەی شارەزایان 100 دۆلار یەک ملیۆن دیناری عێراقی تێدەپەڕێنێت
جگە لەوەش ئەگەر هەر رێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئەمریکا هەڵبوەشێتەوە
عێراق دەچێتە ژێر قەرزێکی سەدو 10 ملیار دۆلاری کە لە ساڵی 2005 لە پاریس لەبەرابنەر رێککەوتنی لەگەڵ ئەمریکا لێی خۆشبوون و لەبەرانبەر ناردنەوەی پارەی نەوتی عێراق بۆ بانکەکانی ئەمریکا و دواتر گەڕانەوەی بۆ عێراق.
هاوکات لەبارەی پابەند بوونی بازرگانانی هەرێمی کوردستان بە راگرتنی مامەڵەکردن بە دۆلار و بەکارهێنانی دینار و یۆرۆ بۆ هاوردەکردنی شمەک، شێخ مستەفا عەبدولڕەحمان سەرۆكی لقی گشتی یەكێتی هاوردە و ناردنكارانی كوردستان تایبەت بۆ #کۆباس ئاشکرایکرد، هەرێمی کوردستان مەرج نییە پابەندی هەموو بڕیارەکان ببێت و ئەوەشی ئێستا بازرگانانی هەرێمی کوردستان کاری پێدەکەن دراوی جۆراو جۆرە و هەر وڵاتێک خواستی لەسەر هەر دراوێک بێت ئەو دراوە مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ دەکرێت.
بەپێی بەدواداچوونەکان عێراق و تورکیا رێک کەوتوون ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوولا دینار بەرامبەر یۆرۆ، یان بەرامبەر لیرە بێت و بۆ مامەڵە بازرگانییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ناوخۆی عێراقدا دینار و لە تورکیاش لیرەی تورکی و یۆرۆ بەکار دەهێندرێت.