هەواڵ- کوردستان

700 ملیار دینارەکە کەی دەگات؟

07/12/2023

104 جار خوێندراوەتەوە


700 ملیار دینارەکە کەی دەگات؟
کۆباس بەدواداچوون لەبارەی چارەنوسی 700 ملیار دینارەکە دەکات 
پەرلەمانتاران بوون بە دوو بەشەوە و بەشێکیان رەشبینین لە دۆخەکە 
پلانی تەیف سامی چییە و چارەنووسی پارەکە چی دەبێت؟
لە ماوەی ڕابردوودا حکومەتی هەرێم و بەغدا 
لەسەر ناردنی سێ گوژمەی  700 ملیار دیناری رێککەوتن 
ئەو گوژمەیە بۆ مانگەکانی 9، 10و 11 بوو
بەڵام حکومەتی هەرێم مووچەی مانگی 7 و 8ی پێدابەشکرد و هێشتا گوژمەی سێیەم بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی 9 نەهاتووە 
غەریب ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکێتی تایبەت بە کۆباسی راگەیاند، كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا گەیشتۆتە ئاستێكی خراپ كە بەداخەوە هەیبەتی كوردی تەواو پێ لاواز بووە 
بەپێی بەدواداچوونەکانی کۆباس لەبارەی کاتی ناردنی 700 ملیار دیناری ئەم مانگە باس لەوەدەکرێت محەمەد شیاع سودانی دەیەوێت هەرێم ڕازی بكات و هیچ غەدرێك نەكرێت
 بەڵام تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق بە ڕوانگە ژمێركاری و وردبینییەكانی خۆی دەڕوانێتە هاوكێشەكە و هەوڵدەدات پرۆسەی ناردنی  700 ملیارەکە دوابخات
عەلی حەمە ساڵح، پەرلەمانتاری پێشووی کوردستان باس لەوە دەکات کە ناردنی ئەم پارەیە درێژ دەکرێتەوە، بۆ ئەوەی هەرێم داوای گوژمەی دیکە نەکات بۆ مانگی 12 و ساڵ کۆتایی بێت

جگە لەوەش  شوان کەلاری پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی تایبەت بە #کۆباسی راگەیاند، دواکەوتنی ناردنی 700 ملیار دینارەکە بە مەبەستی دروستکردنی کێشەیە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی وتوشیەتی "بۆ ساڵی ئایندەش هەمان مەترسی هەیە کە ناردنی مووچەی فەرمانبەران کێشەی بۆ دروستبکرێت"

هاوکات موسەنا ئەمین ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی یەکگرتوو کە دوو رۆژ پێش ئێستا چوونە لای سەرۆک وەزیرانی عیراق تایبەت بە کۆباسی راگەیاند، هۆکاری دواکەوتنی نادرنی 700 ملیارەکە نازانرێت چییە بەڵام سەرۆک وەزیرانی عیراق جەختی لەوە کردووەتەوە دەیەوێت کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم چارەسەر بکات و جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە 700 ملیاری ئەم مانگە رەوانە دەکات.

هەر بۆیە بەپێی زانیاریەکانی کۆباس 700 ملیارەکە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەنێردرێت، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە حکومەتی هەرێم 3 موچەی فەرمانبەرانی لا دەمێنێت و تا دەستپێنەکردنەوەی هەناردەی نەوتیش چارەنووسی ئەو مووچانە و دۆخی موچەخۆرانیش لە ساڵی نوێدا دیار نابێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations