هەواڵ- کوردستان

تورکیا ئیتر دەست لە هەولێریش ناپارێزێت..

29/02/2024

308 جار خوێندراوەتەوە


 

 

راپۆرت: ساری سەلاح 

تورکیا ئیتر دەست لە هەولێریش ناپارێزێت..
لە دواى ئێران، تورکیاش پەلامارى هەولێر دەدات..
تورکیا راستەوخۆ خەڵکى شارى هەولێر و کاسبکار بە ئامانج دەگرێت..
هەرچەندە هێرشى راستەوخۆى تورکیا بۆ سەر هەرێمى کوردستان تازە نییە و بەردەوام هێرشى کردووە، نەک تەنها لە سنورى پارێزگاى سلێمانى، بەڵکو لە سنورى هەولێر و دهۆکیش هێرشى کردووە، بەڵام هێرشەکانى پێشتر جیاوازبوون و ناوچە سنورییەکانى بە ئامانج گرتووە و بیانوەکەشى بوونى گەریلاکان بووە، بەڵام ئێستا دۆخێکى نوێ دروستبووە و تورکیا ناو جەرگەى هەولێر و خەڵکى سڤیل بە ئامانج دەگرێت..
لە دواى هێرشەکانى ئێران بۆ سەر هەولێر، تورکیاش بە شێوەى جیاوازتر هەولێر بە ئامانج دەگرێت کە زۆر مەترسیدارە..
رووداوى ئاگرەکەى بازاڕى لەنگەى هەولێر، پەردەى لەسەر چەند نهێنییەک لادا کە گومانى گەورەیان دروستکردووە..
یەکێک لە گومانەکان ئەوەیە کە تورکیا پەیوەندى بە ئاگرەکەوە هەیە، ئەوەش دواى ئەوەى گروپی میساقی میللی توركی کە گروپێکى رەگەزپەرستى تورکیایە، لە راگەیەنراوێكدا كە لە پێگەی فەرمی خۆی كە لۆگۆكەی رووبەری خاك و ئاڵای توركیای لەسەرە دەڵێت، ئێمە بەرپرسین لە سوتاندنی بازاڕی لەنگەی هەولێر و پیرۆزبایی لە ئازایەتی سوپا شكۆمەندەكەمان دەكەین.
ئەو گروپە باسى لەوە کردووە کەلەنگەی هەولێریان بەتەواوەتی وێرانكردووە و هۆشدارییان داوە کە بەردەوام دەبن لە چالاكییەكانیان و ئاڵای تورکیا لەسەر قەڵای هەولێر هەڵدەکەن..
هەرچەندە بەرگرى شارستانى پێیوایە تا ئێستا روون نییە کە ئاگرەکەى بازاڕى لەنگە دەستی تاوانی لە پشتەوە بێت یاخود خۆرسکە و لێکۆڵینەوە دەکەن، بەڵام گومانەکان لەسەر ئاگرەکە زۆرن، بەتایبەت دواى راگەیەنراوەکەى ئەو گروپە رەگەزپەرستەى تورکیا..
مەترسییە گەورەکە ئەوەیە کە تورکیا راستەوخۆ خەڵکى سڤیل بە ئامانج دەگرێت، بەڵام ئێران لە هێرشەکانى بۆ سەر هەولێر ئەو جێگایانەى بە ئامانج گرتووە کە خۆیان دەڵێن، دەزگاى ئیسرائیلى لێبووە..
مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە نوێترین چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ رادیۆی (مۆنتی كارلۆ) دەڵێت، هه‌ندێك لایه‌ن له‌ تاران له‌ روبەڕوبوونەوەی به‌هێزه‌كان شكستیان هێناوه‌ بۆیه‌ هه‌ولێر بۆ شاردنه‌وه‌ی شكسته‌كانیان به‌ئامانج ده‌گرن.
هەرچەندە سەرۆکى پارتى هێرشەکانى ئێران بۆ شکستى ئەو وڵاتە دەگێڕێتەوە، بەڵام دیارنییە کە هێرشەکانى تورکیا چ پەیامێکیان لە پشتە، چونکە پێدەچێت چیدیکە تورکیاش لە سیاسەتەکانی هەولێر رازی نەبێت.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations