هەواڵ- کوردستان

هاوسەرگیری دیلیڤەری لە هەرێم سەرهەڵدەدات

25/05/2024

238 جار خوێندراوەتەوە


 

 

ماوەیەکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کەسانێک  ئەوە دەکەن  کە هەرکەسێک بە دوای هاوسەرێکی باش و بە دیندا دەگەڕێت، با پەیوەندیمان پێوە بکات، ئێمە کچێکی سووری بە دڵی خۆی بۆ هەڵدەبژێرین و لێی مارە دەکەین و لە ڕێگەی فرۆکەوە دەیهێنینە کوردستان و بۆی دەهێنینە ماڵەوە.
یەکێک لەو کەسانە  لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تیکتۆک و فەیسبووک، پەیجێکی بەناوی نوسینگەی هاوسەرگیرییەوە داناوە و بانگەشەی ئەوە دەکات، هەرکەسێک بە دوای کچێکی بەدین و بە ڕەوشتدا دەگەڕێت با پەیوەندیمان پێوە بکات و زانیارییەکەسییەکانی خۆی بنێرێت، پاشان بە دڵی خۆی هاوسەرێکی لە وڵاتی سوریا بۆ دەدۆزینەوە و تەنانەت دەڵێت با کەس خۆی لە عێراق خەسار نەکات و کچێکی مەلیکە جەمالی لە سوریا بۆ دەدۆزینەوە.
دەشڵێت، کچەکان کێشەیان نییە گەر ببنە هاوسەری دووەمی پیاوێکیش، واتا گەر پیاوەکە هاوسەرداریش بێت، ئەو کچە سورییانە رازین و هاوسەرگیری دەکەن.
ئەو کەسە جگە لەوەی هاوسەر بۆ پیاوە کوردەکان دەدۆزێتەوە، بەڵکو هەر کچێکی کوردیش کە نیازی هاوسەرگیری هەبێت، پۆستی دەکات و دەڵێت کچێکمان هەیە دەیەوێت شوو بکات.
بۆ نمونە لە پۆستێکدا دەڵێت، کچێکی بەڕەوشت هەیە کە تەمەنی ٤٧ ساڵە و دەیەوێت هاوسەرگیری بکات، کێشەی نییە گەر پیاوەکە تەمەنی ٧٠ ساڵیش بێت.
هاوکات، کچانی گەنجیش دەدۆزێتەوە و دەڵێت ئامادەن ببنە هاوسەری دووەمی پیاوێک.
ئەو کەسەی بانگەشە بۆ ئەو هاوسەرگیرییانە دەکات، دەچێتە وڵاتی سوریا و لەوێ چاوەڕێی ئەو کوردانە دەکات کە پەیوەندییان پێوەکردووە تا هاوسەریان لە سوریا بۆ بدۆزێتەوە و کوردەکانیش دەچنە ئەو وڵاتە و هاوسەرگیری دەکەن.
بۆ ئەم مەبەستەش خەڵکێکی زۆر پەیوەندی پێوە دەکەن و داوا دەکات لە سوریا هاوسەریان بۆ بدۆزێتەوە، جا چ بۆ هاوسەری یەکەم بێت یاخود دووەم
ئەو کەسە  راشیگەیاندووە کە ئامادەیە هاوسەرگیری میسیاریش بۆ پیاوانی کورد ڕێکبخات و دەشڵێت هیچ کێشەیەکی تێدانییە و حەرامیش نییە و خەڵکانێکی زۆریش داوای ئەوەی لێدەکەن کە هاوسەرگیری میسیاریان بۆ ڕێکبخەن.


KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations