هەواڵ- جیهان

ئیڤانکا ترەمپ: هیچ شتێک باوکم لە خزمەتکردنی خەڵکی ئەمریکا ناوەستێنێت

06/10/2020

587 جار خوێندراوەتەوە


ئیڤانکا ترەمپ، کچی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نوێترین وێنەی باوکی لە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر رید دەڵێت، هیچ شتێک باوکی لە خزمەتکردنی خەڵکی وڵاتەکەی ناوەستێنێت.

وەک لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، ترەمپ لە ژووری کۆبوونەوەکان کارەکانی خۆی رادەپەڕێنێت، ئیڤانکا ترەمپ دەڵێت "جارێکی دیکە قسەم لەگەڵ باوکم کردووە و زۆر گەشبین و سوپاسگوزار و بەهێزە هەروەک چۆن لە پەیامەکەی بۆ خەڵکی ئەمریکا دەردەکەوێت".

رۆژی هەینی 2ی تشرینی یەکەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا تووشبوونی خۆی و خانمی یەکەمی ئەمریکای بە کۆرۆنا راگەیاند، لە رۆژی شەممەوە دۆناڵد ترەمپ گواستراوەتەوە نەخۆشخانەی سەربازیی واڵتەر رید لە واشنتن بۆ پشکنینی زیاتر و دڵنیابوونەوە لە تەندروستیی.

مێلانیا ترەمپ، هاوژینی سەرۆکی ئەمریکا لە توویتێکدا نووسی، وەکو زۆر لە ئەمریکییەکان خۆی و هاوژینەکەی دوای ئەوەی تووشی کۆرۆنا بوون، خۆیان کەرەنتین دەکەن، گوتیشی "تەندروستیمان باشە و سەرجەم کۆبوونەوەکانم هەڵپەساردوون". بە خەڵکی وڵاتەکەشی دەڵێت، "هەموومان پێکەوە ئەمە تێدەپەڕێنین".

جۆ بایدن، رکابەری دۆناڵد ترەمپ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە توویتێکدا هیوای خواست، دۆناڵد ترەمپ و هاوژینەکەی هەرچی زووە لە نەخۆشییەکەیان چاکببنەوە.

بڕیارە لە 15ـی ئەم مانگە لە مەیامیی فلۆریدا دیبەیتی دووەمی دۆناڵد ترەمپ لەگەڵ جۆ بایدن بەڕێوەبچێت، تووشبوونیشی بە کۆرۆنا دیارنییە کاریگەریی لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو دیبەیتە دەبێت یاخود نا.

نیشانەکردن :

#ترەمپ
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations