هەواڵ- جیهان

هۆپ هیکس.. ئەو خانمەی دەگوترێت ترەمپی تووشی کۆرۆنا کرد

06/10/2020

633 جار خوێندراوەتەوە


ناوی هۆپ هیکس، لە رۆژانی رابردوودا تەواوی میدیای جیهانی تەنیوە، ئەمە پاش ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، تووشبوونی خۆی و میلانیای هاوژینی بە کۆرۆنا راگەیاند.

ناوی هۆپ لە دۆسێی نەخۆشکەوتنەکەی ترەمپدا، ئەوکات کەوتە ناو ناوانەوە، کە ماوەیەکی کەم پاش تووشبوونی سەرۆک و خانمی یەکەمی وڵات، میدیاکانی ئەمریکا ئاماژەیان بەوەدا، هۆپ هیکس گوێزەرەوەی نەخۆشییەکە بووە بۆ ترەمپ و میلانیا.

هۆپ لە بنەمادا، راوێژکار و نزیکترین کەسی ترەمپە لە کۆشکی سپیدا، ئەو پێشتر لەگەڵ سەرۆکدا کاریکردووە، بەڵام جارێک دەستی لەکارەکەی کێشایەوە، بەرلەوەی بگەڕێتەوە کۆشکی سپی.

هۆپ نزیکترین کەسە لە ترەمپەوە کە پێشتر تووشبوونی بەکۆرۆنا راگەیێندراوە. ئەو یاوەری سەرۆک بوو لە گەشتی ویلایەتی ئۆهایۆدا، بۆ بەشداریکردن لە یەکەم دیبەیتی تەلەڤزیۆنی نێوان بەربژێرانی پۆستی سەرۆکی وڵات، کە هەفتەی پێشوو بەڕێوەچوو. سەرچاوەکان گوتیان هۆپ کاتێك لە فڕۆکەی سەرۆکایەتیی ئەمریکا دابەزیوە، دەمامکی نەپۆشیووە.

هیکس، ترەمپی تووشی کۆرۆنا کردووە؟

پێنجشەممەی رابردوو، دۆناڵد ترەمپ لە توویتێکدا نووسی: "هۆپ هیکس کە زۆر لێبڕاوانە لە ماوەی رابردوودا بەبێ پشوودان کاریکردووە، تووشی کۆرۆنا بووە و ئەوەش رووداوێکی ناخۆشە".

سەرۆکی ئەمریکا بە کەناڵی 'فۆکەس نیوز'ی راگەیاندبوو، هۆپ زۆرینەی کات دەمامکی بەکارهێناوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دووچاری پەتاکە بووە.

لە زۆربەی کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ راوێژکار و یاریدەدەرەکانی، ترەمپ دەمامکی نەپۆشیووە. لە دوای دیبەیتەکە و لە کاتی گەڕانەوەدا بۆ واشنتن، هۆپ لە نێو فڕۆکەی سەرۆکایەتیدا هەستی بەنیشانەکانی کۆڤید 19 کردووە، بۆیە هەر لەوێدا کەرەنتینکراوە.

هۆپ حەزی بەدەرکەوتنە لە میدیاکاندا، نمایشکاری جلوبەرگ بووە و هێشتا تەمەنی تەنیا 31 ساڵە، جوانکیلە و دەم بەخەندەیە، لەبەردەم کامێراکاندا دەردەکەوێت و لەپاڵ سەرۆکدا، دەدرەوشێتەوە، بەڵام پێشتر هیچ کارێکی سیاسی نەکردووە.

هۆپ هیکس پێشتر گوتەبێژی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک بوو لە 2016دا، دواتر کاتێک ترەمپ بووە سەرۆکی وڵات، ئەو پۆستی بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی وەرگرت. لە ئاداری 2018دا دەستیلەکارکێشایەوە و بووە گەورە بەرپرسی پەیوەندییەکانی 'رۆبێرت مێردۆخ' بزنسمان و خاوەنی کەناڵی 'فۆکەس نیوز'، دواتر لە شوباتی ئەمساڵدا گەڕایەوە بۆ کارکردن لە کۆشکی سپی لە پۆستەکەی خۆیدا.

لەدایکبوون و گەورەبوون

هۆپ شارلۆت هێکس، ساڵی 1988 لە ویلایەتی کۆنیتێکت، لەدایکبووە، ماڵباتەکەی مێژوویەکی بەرچاویان لە ئیدارەی ئەمریکادا هەیە. دایکی هۆپ یاریدەدەری کارگێڕیی یەکێک لە کۆنگرێسمانە دیموکراتەکان بووە، لە کاتێکدا باپیری و نەنکی لە دایکەوە، لە وەزارەتە جیاوازەکانی وڵاتدا کاریان کردووە.

لە مێردمنداڵیدا، هۆپ وەک نمایشکاری جلوبەرگ کاریکردووە، لە بەرگی چەندین گۆڤاری بەناوبانگی ئەمریکا کە تایبەت بوون بە نمایشی جلوبەرگ، دەرکەوتووە، لە زانکۆ زمانی ئینگلیزی خوێندووە و ساڵی 2010 خوێندنی زانکۆی تەواوکردووە، پاشان خەونەکانی پاڵیان بەوەوەنا، رووبکاتە نیویۆرک بۆ دۆزینەوەی کار و درەوشانەوەی زیاتر.

هۆپ لە دامەزراوەی ترەمپدا

ساڵی 2012، هۆپ لە کۆمپانیایەکی نیویۆرک وەک بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکان دەستبەکاربوو، هەر لەوێوە پەیوەندی و ئاشنایەتی لەگەڵ ئیڤانکای کچی ترەمپدا دروستکرد. ئەو لە هێڵی جلوبەرگە تایبەتەکانی ئیڤانکادا دەستبەکاربوو، دواتر چووە ناو پرۆژە گەورەکانی دامەزراوەی ترەمپەوە. لە ئابی 2014دا بەفەرمی پەیوەندی بە دامەزراوەی ترەمپەوە کرد بە دەوامی تەواوەتی، بەوەش بووە یاریدەدەر و هاوکاری ئیڤانکا لە نێو تاوەری ترەمپدا، کە گەورەترین پڕۆژەی بزنسی ترەمپە. لە تشرینی یەکەمی 2014دا بەفەرمی کارەکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، دەستپێکرد.

لە کانوونی یەکەمی 2015دا، لەلایەن ترەمپەوە بۆ پۆستی سکرتێری رۆژنامەڤانی هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتی هەڵبژێردرا، ئەوکات تەمەنی تەنیا 24 ساڵ بوو، پێشتریش نەکاری لەو شێوەیە و نەکاری سیاسی نەکردبوو. کاتێک ترەمپ هەنگاوەکانی بۆ بەربژێربوون بۆ سەرۆکایەتی ئەمریکا، چڕکردەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوەی بۆ چوونە ناو هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی دا، ترەمپ ئەوی لە نێوان خۆ یەکلاکردنەوە لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن یان گەڕانەوە بۆ دامەزراوەی ترەمپ سەربەست کرد، هۆپ دامەزراوەکەی هەڵبژارد، بەڵام ترەمپ داوای لێکرد لە تیمە سیاسییەکەیدا بمێنێتەوە و ئەویش بەو داوایە رازیبوو.

هۆپ لە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ترەمپدا، رۆڵی کۆنترۆڵکەری چاوپێکەوتنە میدیایی و تەلەڤزیۆنییەکانی دەبینی، ئەو بڕیاری دەدا کام پەیامنێر رێگەی چاوپێکەوتنی لەگەڵ بەربژێرەکەی سەرۆکایەتیدا پێبدرێت. ئەو هەروەها سەرپەرشتی ئەکاونتی ترەمپی لە توویتەردا دەکرد، بەرپرس بوو لە داڕشتنەوەی زمانەوانیی توویتەکاندا.

لە ئابی 2017دا، بەبەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی لەلایەن سەرۆکی وڵاتەوە دامەزرێنرا، پاش دوورخستنەوەی ئانتۆنی سکارامۆچی لەو پۆستە، لە دوای تەنیا دە رۆژ لە دەستبەکاربوونی ترەمپ بە سەرۆکی وڵات.

دەستلەکارکێشانەوە

هۆپ لە پۆستە نوێیەکەی ناو کۆشکی سپی بەردەوام بوو، بەڵام لە شوباتی 2018دا دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستەکەی راگەیاند. لە دانیشتنێکی پرسیارکردنی بەردەم ئەندامانی لیژنەیەکی هەواڵگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، هۆپ دانی بەوەدانا هەندێکجار وەک بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی، ناچارە "درۆی سپی" بکات.

ئەوکات ئەندامانی لیژنە پەرلەمانییەکە، لێکۆڵینەوەیان لەو دەنگۆیانە دەکرد، کە باسیان لە دەستهەبوونی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکادا دەکرد. هۆپ لەسەر دروستیی دەستهەبوونی رووسیا لە هەڵبژاردنەکان، پرساندنی لەگەڵدا دەکرا.

رۆژی دوای پرساندنەکە، کۆشکی سپی، نیازی هیکسی لەدەستلەکارکێشانەوە لە پۆستەکەی راگەیاند، گوایە ئەو ماوەیەکی زۆرە بەنیازی ئەو هەنگاوەیە. لە ئاداری هەمان ساڵدا بە فەرمی وازهێنانی لە کارەکەی راگەیاند.

ئەوکات سارە ساندەرز، گوتەبێژی کۆشکی سپی رەتیکردەوە دەستلەکارکێشانەوەی هیکس پەیوەندی بە پرساندنەکەوە هەبووبێت. 

ترەمپ: هۆپ ناوازەیە

لە راپۆرتێکی رۆبێرت مولەر، کە پێشتر بەرپرسی 'ئێف بی ئای' بووە و بەرپرسی لێکۆڵینەوە لە دۆسێی دەستهەبوونی رووسیا لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکای لە ئەستۆ بوو، زیاتر لە 180 جار ناوی هۆپ هێنراوە، وەک یەکێک لە رێکخەرانی پەیوەندی نێوان یاریدەدەرەکانی ترەمپ و حکومەتی رووسیا، بەڵام لە دانیشتنی پرساندنەکەدا لە کۆنگرێس، لە حوزەیرانی 2019، پارێزەرەکانی ترەمپ رێگەیان نەدا ئەو وەڵامی 155 پرسیاری لیژنەکەی کۆنگرێس بداتەوە، ئەمەش بەبیانووی هەبوونی پارێزبەندی بۆ هۆپ.

کاتێک وازهێنانی لە کۆشکی سپی راگەیاند، دۆناڵد ترەمپ لە بڵاوکراوەیەکی تایبەتی کۆشکی سپیدا لەوبارەیەوە، گوتی "هۆپ ناوازەبوو، کارێکی نایابی دەکرد"، لە کاتێکدا هیکس گوتبووی "وشەم نییە بۆ دەربڕینی گونجاو، لە بەرامبەر پێزانینم بۆ سەرۆک ترەمپ"، ئەوکاتیش هۆکاری راستەقینەی دەستلەکارکێشانەوەکە ئاشکرا نەکرا.

هۆپ بەشێوەیەکی گشتی بەکەسێکی نهێنیپارێز و متمانەداری ترەمپ دادەنرێت، لە دانیشتنەکەی کۆنگرێسدا تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارانەی دایەوە، کە پێشتر یاریدەدەرەکانی ترەمپ لەسەر رێککەوتبوون.

گەڕانەوە بۆ کۆشکی سپی

لەماوەی دوورکەوتنەوەیدا لە کۆشکی سپی، هیکس لە کۆمپانیای 'فۆکەس' دەستبەکاربوو، وەک بەرپرسی یەکەمی پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەر و جێگری بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیاکە. ئەو لەو کارەدا نزیکەی یەک ملیۆن دۆلاری دەستکەوت.

لە ئاداری 2020دا جارێکی دیکە هیکس گەڕایەوە کۆشکی سپی، ئەو سەرەتا بە یاریدەدەری گارید کۆشنێر، راوێژکاری ترەمپ دەستبەکاربوو. ئەو خاوەنی بیرۆکەی هەڵگرتنی ئینجیل و رێڕۆیشتنی ترەمپە، بۆ کەنیسەی قەدیس یۆحەنا لە کۆشکی سپییەوە، کاتێک ناڕەزایەتیی فراوان وڵاتەکەی گرتەوە، بەهۆی کوژرانی جۆرج فلۆیدی هاونیشتمانیی رەشپێست، لەسەردەستی پۆلیسی ئەمریکا.

چۆن لە ترەمپ دەڕوانێت؟

لە کاتێکدا ترەمپ بە سەرۆکێکی مێشک وشک و سەرسەخت دادەنرێت و هەڵسوکەوت و لێدوانەکانی زۆرجار دەبنە مایەی رەخنەی تووندی رکابەرەکانی، هیکس بەپێچەوانەوە تەماشای سەرۆک دەکات. هەندێک پێیانوایە ترەمپ پێویستی بەوە هەیە، کەسێک رێگری لێبکات لە هەڵسوکەوتەکانیدا و سنوور بۆ قسەکانی دابنێت، بەڵام ئەو خانمە بەپێچەوانەوە بیر دەکاتەوە.

ئەوانەی لە پەیوەندی نێوان هیکس و ترەمپ وردبوونەتەوە، گوتویانە هیکس هەوڵنادات ترەمپ لە هەندێک هەڵسوکەوتە نامۆ و بۆچوونە تووندەکانی پاشگەز بکاتەوە و بیانگۆڕێت، بەڵکو بەپێچەوانەوە یارمەتیدەدات بۆ ئەنجامدانی ئەوەی خۆی حەزی لێیەتی. بەڵام هەندێکجاریش رووبەڕووی دەبێتەوە و لە دژی بۆچوونەکانی ئەو قسە دەکات.

هیکس بەیەکێک لە نزیکە راستەقینەکانی ماڵباتی ترەمپ و ئاگاداری نهێنییەکانی دادەنرێت، ئەو شیوی شەممان کە (ژەمێکی تایبەتی ئاینی جووەکانە) لەگەڵ ئیڤانکا ترەمپ و گارید کۆشنێردا دەخوات. یەکێکیش بوو لەو کەسە دەگمەنانەی، ترەمپ بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ پاپای ڤاتیکان لە ئایاری 2017دا دەستنیشانی کرد.

نیشانەکردن :

#کۆرۆنا #ترەمپ
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations