هەواڵ- جیهان

ترەمپ جانتا رەشەکەی لەگەڵ خۆی بردووەتە نەخۆشخانە

06/10/2020

594 جار خوێندراوەتەوە


سەرۆکی ئەمریکا رۆژی شەممە برایە نەخۆشخانەی سەربازیی والتەر رید لە واشنتن بۆ وەرگرتنی چارەسەری پێویست بۆ رزگاربوونی لە تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا. لەکاتی بەڕێکەوتنی بۆ نەخۆشخانە، ترەمپ جانتای کۆدە نهێنییەکانی چەکی ئەتۆمیی لەگەڵ خۆی برد، لە نەخۆشخانە لەگەڵی دەمێنێتەوە تاوەکو گۆڕانکارییەک لە ژیانیدا روودەدات.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی توشبوونی سەرۆک بە کۆرۆنا، ئەو فڕۆکانەی ئەمریکا کە بە "رۆژی قیامەت" ناسراون چوونەتە ئاسمان، هەریەک لە فڕۆکەی جۆری مێرکووری E-6B کە تایبەتن بە وەشاندنی چەکی ئەتۆمی ئێستا لە ئاسماندان.

کە ترەمپ بووە سەرۆکی ئەمریکا جانتای جۆری 45lb، کە کۆدەکانی چەکی ئەتۆمی تێدا هەڵگیراون رادەستی کران، تاوەکو لە دەسەڵاتیش مابێتەوە ئەو جانتایە لەو دانابڕێن.

لەنێو ئەو جانتایەدا پەرتووکێکی رەش هەیە، بژاردەی هێرشی تێدا نووسراوەتەوە. ئەگەر ترەمپ بڕیاری  تەقاندنی بۆمبی ئەتۆمی بدات، بڕیارەکە دەچێتە بەردەست فەرماندەی کارە هاوبەشەکانی کۆشکی سپی لە پنتاگۆن، ئەگەر کۆدەکان مۆریان پێوەبێت، ئەوا دەنێردرێتە نووسینگەی سەرەکی فەرماندەی ستراتیژی ئەمریکا لە بنکەی سەربازیی ئۆفووت لە نیبراسکا. لەوێ تیمێکی تایبەت بە بەکارهێنانی کۆدەکان هەن کە قوفڵیان لەسەرەو تەنیا ئەوان لێی تێدەگەن، ئەگەر کۆدەکان لەگەڵ ئەوەی بەردەستی ئەوان یەکبگرنەوە، پەنجەی پێوەدەنێن و چەکەکە دەتەقێنن.

دۆناڵد ترەمپ تووشی نەخۆشییەک بووە، کە لەماوەی 10 مانگدا زیاتر لە یەک ملیۆن کەسی کوشتووە. بەڵام ئەو لە پەلوپۆ نەکەوتووەو تاوەکو ئێستا دوو پەیامی بڵاوکردووەتەوەو دەڵێت تەندروستیم باشە. لەدوایین لێدوانیدا "لە نەخۆشخانەوە دەڵێت "هاتمە ئێرە هەستم بە باشی نەدەکرد. بە قورسی کارمان دەکرد بۆ ئەوەی هەموو شتێک وەکو پێشتری لێبکرێتەوە. دەبێت بگەڕێمەوە، چونکە پێویستە ئەمریکا جارێکی دیکە مەزن بکەینەوە".

ترەمپ بیری کامپەینەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی دەکات و دەڵێت "تامەزرۆم بۆ تەواوکردنی، بەو شێوەیەی کە دەستمانپێکرد بەو ژمارە زۆرەی بەشدار دەبوون. زۆر شانازی پێوە دەکەین".

لەبارەی تووشبوونیشی بە کۆرۆنا ترەمپ دەڵێت "شتێکی ئاساییە و ملیۆنان کەس لە جیهان تووشی بووە. منیش نەک تەنیا لە ئەمریکا بەڵکو لە سەرتاسەری جیهاندا بۆیان دەجەنگم. ئەم ڤایرۆسەش دەبەزێنین، ئیدی هەر چییەکی ناو دەنێن، زۆر بەباشیش دەیبەزێنین."

شان دووڵی، پزیشکی دۆناڵد ترەمپ جەخت لە جێگیریی تەندروستییەکەی دەکاتەوە و رایگەیاندووە "چاودێری لێدان و کارکردنی دڵ و جگەر و گورچیلەیمان کرد، کارکردنی هەموویان ئاساییەو کێشەی هەناسەدان و گەڕانی نییە". 

نیشانەکردن :

#ترەمپ
KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations