هەواڵ- کوردستان

کەجەکە لەسەر شەڕی پەکەکە و پارتی، وەڵامی ئەمریکا دەداتەوە

06/11/2020

651 جار خوێندراوەتەوە


کۆباس_

كۆمیتەی پەیوەندییەكانی كۆما جڤاكێن كوردستان (کەجەکە) وەڵامی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دەداتەوە و دەڵێت:" لێدوانەکەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ئاژاوەگێڕانەیە، دوورە لە راستی و لەسەر بنەمای بەپێچەوانە نیشاندانی رووداوەكان ئامادە كراوە".
کەجەکە لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە،  یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لەجیاتی ئەوەی داوای كۆتایی هێنان بە گرژییەكان بكات، بە لێدوانێكی نابەرپرسیارانە هەوڵیدا ئاگری شەڕ و ناكۆكی گەشتر بكات و ورە بداتە ئەو لایەنە ناوخۆیی و هەرێمیانە كە دەیانەوێت ئاگری شەڕی كورد-كورد خۆش بكەن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەمریكا لەجیاتی ئەوەی رەخنە لە لەشكركێشی و داگیركاری توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرێت، بە هەموو جۆرێك پشتیوانی لێی دەكات و هانی دەدات.
لە راگەیەندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە، "ئێمە ئەم لێدوانەی یاریدەدەری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سەركۆنە دەكەین و بانگەوازیی خۆمان ئاراستەی هەموو گەلی كورد و بە تایبەتی گەلی باشووری كوردستان، هێز و لایەنەنە سیاسیەكان و رۆشنبیران دەكەین، كە لە بەرامبەر ئەم لێدوانە ئاژاوەگێڕانە وریا بن و هەوڵدانەكانی خۆیان لەپێناو ئارامی و چارەسەری كێشەكان چڕ بكەنەوە".

 

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations