هەواڵ- کوردستان

زانیارى نوێ لەبارەى دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى هەرێم

06/11/2020

6733 جار خوێندراوەتەوە


كۆباس_

تا ئێستا وەزارەتى دارایى هەرێم گەنجینەکانى ئاگادار نەکردووەتەوە کە لیستى مووچەى مانگى ١٠ى فەرمانبەران ئامادەبکەن و بەپێى زانیارییەکان پێدەچێت، دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٠ بکەوێتە مانگى ١٢.


بەپێى زانیارییەکانى دیجیتاڵ میدیاى کۆباس کە لەسەرچاوەیەکى باڵاوە دەستى کەوتوون، ئەگەر وەزارەتى دارایی عێراق تا دوو هەفتەى دیکە، ٣٢٠ ملیار دینارەکەى فەرمانبەرانى هەرێم بنێرێت، وەزارەتى دارایی هەرێم لە کۆتایی ئەم مانگەدا دەست بە دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٠ دەکات.

بەوتەى سەرچاوە باڵاکەى کۆباس، ئەگەر ناردنى پارەکەى بەغدا بۆ هەرێم دوابکەوێت، دابەشکردنى مووچەى مانگى ١٠ ى فەرمانبەران دەکەوێتە مانگى ١٢ ەوە.


لەبارەى لێبڕینى مووچەوە ئەو سەرچاوەیە باسى لەوەکرد کە، وەزارەتى دارایى هەرێم لە بەرنامەیدایە، لێبڕینى مووچەى مانگى ١٠ فەرمانبەران لە ١٨% ەوە بۆ ١٥% کەمبکاتەوە.


وەزارەتى دارایى هەرێم  "بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ بارودوخۆى دارایى" مووچەى مانگى ٢ و ٣ى ئەمساڵى بە رێژەى ٢١% و مانگى ٩ى بە رێژەى ١٨% بڕى.

مانگى پێشوو وەزارەتى دارایى مووچەى مانگى ٩ى ئەمساڵى بە لێبڕینى ١٨% دابەشکرد و تا ئێستاش مووچەى مانگەکانى ٤ و ٥ و ٦ و ٧و ٨ ى ئەمساڵ دابەشنەکراوە و چارەنوسی مووچەى ئەو پێنج مانگە نادیارە.

 

بڕیارە سبەینێ پەرلەمانى عێراق لەبارەى پڕۆژەیاساى قەرز کۆببێتەوە و خوێندنەوەى دووەم بۆ پڕۆژەیاساکە بکات و ئەگەر ئەم هەفتەیە پەسەند بکرێت، راستەوخۆ دەست بە دابەشکردنى مووچەى فەرمانبەرانى عێراق دەکرێت و دواتریش ٣٢٠ ملیار دینارەکەى هەرێم رەوانە دەکات.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations