هەواڵ- کوردستان
هەرێم و بەغدا کۆبوونەوە.. وردەکارى رێککەوتنەکە
کۆباس_
بە بەشداری جێنین ھێنیس
پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، هەریەک لە رێبەر
ئەحمەد وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، و قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی
نیشتمانیی عێراق، چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ دەکەن.
بەپێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆی
ئەمڕۆ سێشەممە لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە و تیادا
نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە بەشداری جێنین ھێنیس پلاسخارت باس
لە هەنگاوەکانی چۆنییەتی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاوتوێ دەکەن.
- رێککەوتننامەی
شنگال
رۆژی نۆی تشرینی یەکەم، هەولێر و بەغدا لەسەر دروستکردنی
ئیدارەیەکی نوێ بۆ قەزای شنگال رێککەوتن.
بەپێی رێککەوتننامەکە، ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی
فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنی شارەکە بە پۆلیسی
خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت.
حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی ھەرێمی
کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئەم خاڵانە
رێککەوتن:
١- تەوەری کارگێڕی:
- دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و
ئەستۆپاک بێت و بە گوێرەی رێککارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت.
- لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەش کە لەلایەن ھەردوولاوە پێکدەھێنرێت، دوای
دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە کە لەو کارەدا
رەچاوی بنەما پیشەیی و یاساییەکان دەکرێت.
٢- تەوەری ئەمنی:
- تەنھا پۆلیسی ناوچەکە و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و ھەواڵگری
بەرپرسیارێتیی ئاسایشی قەزاکە لە ئەستۆ دەگرن و ھەموو رێکخراوە چەکدارییەکانی دیکە
بۆ دەرەوەی سنووری شنگال دوور دەخرێنەوە.
- بەھێزکردنی ئاسایش لە قەزاکەدا لە رێگەی دامەزراندنی دوو ھەزار و
کەس لە ھێزی ئاسایشی ناوخۆدا لایەنی ئاسایشیی کە لەو ھێزەدا دەستەبەریی
دادپەروەرانە دەکرێت بۆ بەشداریپێکردنی ئاوارەی کەمپەکان لە خەڵکی ناوچەکە.
- کۆتاییھێنان بە بوونی رێکخراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)
لە شنگال و ناوچەکانی دەورووبەریدا و نابێت رێکخراوەکە و ئەوانەی سەر بەون ھیچ
رۆڵێکیان لە ناوچەکەدا ھەبێت.
٣- تەوەری ئاوەدانکردنەوە:
پێکھێنانی لیژنەیەکی ھاوبەش لە حکوومەتی فیدراڵ و حکوومەتی
ھەرێمی کوردستان بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئیدارەی خۆجێی لە
پارێزگای نەینەوا و ئاست و وردەکارییەکانی ئەرکەکەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی
وەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستانەوە دیاریدەکرێت.
٤. بە مەبەستی چاودێریکردنی ئەوەی لە
تەوەری کارگێڕی و ئەمنیدا ھاتووە، لیژنەیەکی مەیدانیی ھاوبەش لە لایەنە
پەیوەندیدارەکانی ھەردوولا پێکدەھێنرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی لە رێککەوتننامەکەدا
ھاتووە.
دوای گشتپرسی ھەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧دا، لووتکەی
ناکۆکییەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا، شنگال لە پاڵ کۆمەڵێک ناوچەی جێناکۆکی نێوان
ھەرێم و بەغدا، کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی نایاسایی و ھێزەکانی حەشدی شەعبی.
دانیشتوانی شنگال کە دوای ساڵی ٢٠١٤ بەھۆی ھێرشی داعشەوە
ناوچەکەیان چۆڵکردبوو و ئاوارە بوون، داوا دەکەن ھێزە چەکدارەکان شارەکەیان چۆڵ
بکەن و دۆخی مەدەنی و ئاسایی بۆ ناوچەکەیان بگەڕێتەوە.
چاوەڕوان دەکرێت واژووکردنی رێککەوتننامەی نێوان ھەرێمی
کوردستان و بەغدا رێگە بۆ گەڕانەوەی ئەو ئاوارانە خۆش بکات کە بەشێکی زۆریان لە دۆخێکی
ناھەمواری کەمپەکاندا دەژین.