هەواڵ- کوردستان

پۆلیسی سلێمانی دوو تۆمەتبارى دزینی‌ ئۆتۆمبیلى دەستگیركرد

17/11/2020

415 جار خوێندراوەتەوە


كۆباس - 

پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، هێزەكانیان دوو تۆمەتباریان بەتۆمەتی‌ دزینی‌ دوو ئۆتۆمبیل دەستگیر كردووە و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.

پۆلیسی سلێمانی لەڕاگەیەنراوێكدا بڵاویكردەوە، پاش ئەوەی‌ تۆمەتبارێك بەناوی‌ (أ،م،م) تەمەن 29 ساڵ بەبیانوی‌ كڕینی‌ ئۆتۆمبیلێك لەجۆری‌ تویتا - پیكئاب، ئۆتۆمبیلەكە دەبات بۆ پشكنین، بەڵام ئۆتۆمبیلەكە دەدزێت، دوای‌ تۆماركردنی‌ سكاڵای‌ یاسایی‌ لەسەر تۆمەتباری‌ ناوبراو لەلایەن خاوەنی‌ ئۆتۆمبیلەكەوە، بنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شار لێكۆڵینەوەكانیان دەستپێكرد و توانرا تۆمەتبارەكە لەشاری‌ كەركوك بدۆزێتەوەو دەستگیرى بکات.

بەپێی راگەیەنراوەكە لەكاتی‌ لێكۆڵینەوەكانیاندا تۆمەتبارەكە دانی بەوەدا نا كە ئۆتۆمبیلەكەی‌ لەناحیەی‌ كەڵەكی‌ سەر بەشاری‌ هەولێر شاردۆتەوە، بۆیە بەهاوكاری‌ بەشی‌ پۆلیسی‌ نەهێشتنی‌ تاوانی‌ ناحیەی‌ كەڵەك توانرا دەستبەسەر ئۆتۆمبیلەكەدا بگیرێت‌و دوای‌ ڕێكارە یاساییەكان ڕادەستی‌ خاوەنەكەی‌ دەكرێتەوە.

وەك ڕاگەیەندراوەكەدا ئاماژەی پێكراوە، لەكاتی‌ دانانی‌ بازگەی‌ كاتیدا لەلایەن مەفرەزەكانی‌ بنكەی‌ پۆلیسی‌ هەواری‌ شارەوە، گومان لەشۆفێری‌ ئۆتۆمبێلێك لەجۆی‌ تویتا - لاندكرۆزەر دەكرێت كە مەی‌ خواردبوەوەو خاوەنی‌ ڕاستەقینەی‌ ئۆتۆمبێلەكە نەبێت ‌و دزیبێتی‌، بۆیە هێزەكانی‌ پۆلیس لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ ‌تۆمەتبار ئەنجامدا و دانی بەوەدانا كە ئۆتۆمبیلەكەی‌ دزیوە.

هەروەها توانرا خاوەنی‌ ڕاسەقینەی‌ ئۆتۆمبێلەكە بدۆزرێتەوەو سكاڵای‌ یاسایی لەسەر تۆمەتبارەكە تۆماركرد، لەئێستاشدا تۆمەتبار (س،س،س) 18 ساڵ بەبڕیاری‌ دادوەرو بەپێی‌ ماددەی‌ 446 لەیاسای‌ سزادانی‌ عێراقی‌ ڕاگیراوە.

KOBAS.KRD | Development by TeraTarget for Digital Intelligence and IT Innovations