هەواڵ- کوردستان
زانیاریی نەبیستراو لەسەر نامەیەکی مام جەلال بۆ پەکەکە ئاشکرا دەبێت
کۆباس_
موراد قەرەیلان ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوبەری پەکەکە زانیاریی نەبیستراو لەسەر نامەیەکی مام جەلال بۆ پارتەکەی ئاشکرا دەکات.
موراد قەرەیلان لە میانەی بەشدارییکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیدا باسی لەوەکردوە، کە لە دوای شەڕی کوەیت و لە سالی ١٩٩٠، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا داوای کردبوو کە شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرانی هەر چوارپارچەی کوردستان سەردانی واشنتۆن بکات، کە بەتایبەتی داواکرابوو پەکەکەش لەو شاندەدا جێبگرێت، بەڵام بەهۆی ئەو شەڕەی کە تورکیا بەپشتیوانی ئەمریکا و ناتۆ لەدژی کوردان دەیکرد، پەکەکە ڕەتیکردبووەوە، کە نوێنەری خۆیان بنێرێتە ئەمریکا.
موراد قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاشکرایکردوە، کە لەو کاتەدا مام جەلال نامەیەک بۆ پەکەکە دەنێرێت و تێیدا دەنووسێت، ئەگەر پەکەکە بەشداریی لەو شاندەیەدا نەکات ئەوا، ئەو شاندە قورسایی و بایەخی خۆی لەدەست دەدات بۆیە مام جەلال داوای لە پەکەکە کرد بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی باشور و بۆ گەلی باشور، بەشداریی لەم شاندەدا بکات”.
قەرەیلان لەسەر هۆکاری پێداگری مام جەلال بۆ بەشداریکردنی پەکەکە، وتویەتی:" لەوکاتەدا پەکەکە تەنها هێز بوو لە کوردستان کە بە شێوازێکی چالاک لە زاپ و خوارکوکەوە هەتا دێرسیم لە ناو شەڕێکی گەورەدا بوو لە دژی داگیرکەران و ڕەنگدانەوەی شەڕ و چالاکییەکانی پەکەکەش لە میدیا جیهانییەکاندا ڕۆژانە دەبینرا و دەبیسترا، هەر بۆیە مام جەلال وتبووی کە دەبێت لە ئەو پەیامەیدا کە لەسەرناوی کوردان دەنووسرێت ناوی پەکەکە لە سەروی هەووانەوە بێت، بەو پێیەش پەیامەکەی پەکەکە لە واشنتۆن خوێندرایەوە'.
ئەندامی کۆمیتەی بەرێوبەری پەکەکە، موراد قەرەیلان لە قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد کە “ئەگەرچی مام جەلال ئێستا نەماوە بەڵام ئەحمەد بامەڕنێی ئێستا ساغە و ئەویش شاهیدی ئەو نامە و هەوڵەکانی مام جەلال بوو، هەر بۆیە لەو کاتەدا ئەگەرچی پەکەکە بۆ خۆی بەشداری لە شاندەکەدا نەکرد، بەڵام کەسێک بە ناوی عیسمەت شەریف ڤانلی وەکو نوێنەری پەکەکە لەو کاتەدا لە ناوشاندەکەدا چووە واشنتۆن و پەیامەکەی پەکەکەی لەوێ خوێندەوە، پەکەکە لەوکاتەشدا ڕۆڵ و پێگەیەکی گرنگی لە سەر تەواوی کوردستان و دۆزی کورد هەبوو”.